كوتەك دەزانێ قۆناغ لە كوێیە!
میللەتی بێ دەوڵەت، بێ كەس و بێ نازە، وڵاتی ناسەربەخۆ، وەك باخی بێ پەرژینە.
ئێوە بڕوانن، چوار پارچەی كوردستان لە بن زەبر و زۆری داگیركەراندا دەناڵن. داگیركەران بۆ چەوساندنەوەی گەلی كورد، هاوكاری یەكدین.
داگیركەری هەر پارچەیەكی كوردستان لە لێدان و چەوساندنەوەی كوردی پارچەیەكی دیكەی كوردستان، هاوكاری داگیركەری ئەو پارچەیە دەبێت.
دوای ئەو ڕەوشە سەختەی بەسەر كوردی ڕۆژاڤای كوردستاندا هات، هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا شووڵی لێ هەڵكێشا و خۆی كرد بە دەمڕاستی داگیركەران.
هاكان ئەفەندی نوقڵانەی پەلاماردانی شنگال و مەخموور و قەندیلی دا، چاوەڕوان بوو عیراق هەلهەلەی هاوكاری كردنی بۆ لێ بدات.
ئەم جارەیان عیراق مەردانە هاتە گۆ، هاكان ئەفەندییان دەمكوت كرد.
ئەوجا توركیای داگیركەر هیچی بۆ نەمایەوە، پاساوی ئەوەی هێنایەوە كە وتەكانی هاكان ئەفەندی بە هەڵە وەرگێڕدراون.
كورد دەمێكە گوتوویەتی: كوتەك دەزانێ قۆناغ لە كوێیە!