گرنگیی بەکوردییکردنی تابلۆی دوکانەکان لە هەولێر
100%
لێکردنەوەی تابلۆی عەرەبی و جێبەجێکردنی بڕیاری بەکارهێنانی زمانی کوردی لەسەر تابلۆی دوکان و نوسینگەکان،هەنگاوێکی ستراتیژی و پێویستە بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و بەهێزکردنی کۆڵەکەکانی زمانی دایک لە پایتەختی هەرێمی کوردستاندا.ئەم بڕیارە جەخت لە سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە زمانی فەرمی هەرێم دەکاتەوە،لە هەمان کاتدا مافی بنەڕەتیی هاووڵاتیان دەستەبەر دەکات بۆ وەرگرتنی زانیاری و خزمەتگوزارییەکان بە زمانی کوردی.جگە لە ئاسانکاری بۆ پەیوەندیی ڕۆژانەی کڕیار و فرۆشیار،یەکخستنەوەی تابلۆکان سیمایەکی شارستانی و ڕێکخراو بە شەقام و بازاڕەکانی هەولێر دەبەخشێت،بەبێ ئەوەی ڕێگری لە بەکارهێنانی زمانەکانی تر وەک زمانی دووەم بۆ گەشتیاران بکات،بەڵکو جەخت لەوە دەکاتەوە کە زمانی کوردی پێویستە هەمیشە زمانی سەرەکی و یەکەم بێت لە شوێنە گشتییەکاندا.