سەرۆک بارزانی و باراک پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا
سەرۆک بارزانی بۆ تۆم باراک: جەخت لە بەردەوامیی هاوپەیمانێتیی نێوان گەلی كوردستان و ئەمەریكا دەكەینەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 8ـی 2ـی 2026 پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و تۆم باراک، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ كاروباری سووریا و باڵوێزی ئەمەریكا لە توركیا ئەنجام درا.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە بە گشتی و دوایین پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا.
هەردوولا هاوڕا بوون لە پێویستی بەردەوامی گرتنەبەری هەموو هەنگاوێک بۆ ئەوەی ڕێگە لە پشێوی و ئاڵۆزی و شەڕ بگیرێت و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە جێگیر ببێت.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا هەردوولا دەستخۆشیان لەیەكتری كرد بۆ ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی كە لە بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا گێڕاویانە.
هەروەها سەرۆک بارزانی وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ ڕۆڵی ئەمەریكا، جەختی لە بەردەوامیی هاوپەیمانێتیی نێوان گەلی كوردستان و ئەمەریكا كردەوە.