ل مە خودی دەركەڤن
ئەمە قسەی كوردێكی ڕۆژاڤای كوردستان بوو. داوا دەكات و دەڵێ "خۆتان لێمان بكەن بە خاوەن".
ئەو كوردەی ڕۆژاڤای كوردستان خەڵكی كۆبانێیە، داعش پەلاماری شارەكەی دا، ئەو بە خێزانەوە ئاوارەی سەرێكانی بوون، ئەم جارەیان چەكدار چەتەی میلیشیای سەر بە توركیا پەلاماری سەرێكانییان دا، ئیدی ئەو بە خێزانەوە ئاوارەی گركێ لەكێ بوون.
دوای دوو جار ئاوارە بوون، ئێستا ئەو و تەواوی خەڵكی ڕۆژاڤای كوردستان لە بن هەڕەشە و گوشاری چەكدارانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریادان. بێ كەس و بێ نەوا ماونەتەوە.
كاتێك كاروانێكی كۆمەك بە فەرمانی سەرۆك مەسعوود بارزانی لە باشوورەوە بەرەو ڕۆژاوای كوردستان دەپەڕێتەوە، ئەو مرۆڤە سەربەرزە، وەك سەدان كەسی دیكە، بە خۆشحاڵییەوە لە پێشوازیی ئەو كۆمەكەدا وەستاوە و قسە نەستەقەكەی دەكات:
"ل مە خودی دەركەڤن".
ئەمڕۆ كوردی ڕۆژاڤای كوردستان زامداری دەست و كەڵبەی چەتە و كەمتیاری سوپای عەرەبی سووریان، چاوەڕوانی هیممەت و بە دەنگەوە هاتنی برایانی خۆیانن.
بە فەرمانی سەرۆك بارزانی (67) بارهەڵگر كەرەستە و خۆراك و پێداویستی ژیان، لەگەڵ (7) ئەمبوڵانس بە داو و دەرمانەوە گەیشتنە ڕۆژاڤای كوردستان. ئەم كۆمەك و یارمەتییە بۆ برایانمان لە ڕۆژاڤای كوردستان، بەردەوام دەبێت.
كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان و لە سەرانسەری دنیا، لە تەواوی شارەكانی باشووری كوردستانەوە، پشت و پەنای ڕۆژاڤای كوردستانن.