هەموو شتێک لەبارەی چەک دزەکەوە ئاشکرا کرا
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کودردستان رایگەیاند، لەمیدیاکانەوە سەرۆکی حزبێک باسی ئەوەی کردووە کە هەرێمی کوردستان دوو ئیدارەییەو هەروەها لەپەیوەندی بە دەنگۆی ناردنی چەکی ئەمەریکی کۆمەڵێک چەواشەکاری کردوون.
دەشڵێت، لای هەمووان ڕونە حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی دەستوری دانپێدانراوی فیدراڵییەو بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەبات و ڕەنجی خەڵکی کوردستانە. هەرچەندە هەوڵی بەردەوام هەبوون بۆ بەدوو ئیدارەیی کردنی، بەڵام ڕێگا بەوە نادەین و ئەو هەوڵە سەرناگرێت.
باسی لەوەشکردووە، لە بارەی ئەو چەکانەی گوایە باس دەکرێت لە لایەن ئەمریکاوە بە لایەنێکی کوردی دراوە سەرۆکی ئەو حزبە خۆی بێ بەری دەکات و لایەنی دیکە تاوانبار دەکات و لەڕاگەیاندنەکانییانەوە خەریکی چەواشەکارین.
گوتەبێژی حکوومەت دەڵێت، ئەگەر ئەمەریکییەکان چەکیان بە لایەنێک دابێت خۆیان دەزانن بە چ لایەنێکیان داوە و درەنگ یان زوو ڕاستییەکەی بۆ هەموو لایەک ڕوون دەبێتەوە و پێویست بەو هەموو چەواشەکارییە نیە.
لە کۆتایی قسەکانی دەڵێت، سەرۆکی ئەو حزبە مافی ئەوەی نیە لە جیاتی دەزگا فەرمیەکان قسە بکات و قسەکانیشی ناڕاست بن و چاوەرێ بێت بەم شێوەیە گومان لە سەر خۆی و دارو دەستەکەی لا ببات.