كولتووری ئیدەك لەك
سەرۆك پەرلەمانی عیراق لە دانیشتنێكی پەرلەماندا بە جێگرە كوردەكەی گوت "ئیدەك لەك".
(ایدك لك: ئیدەك لەك) بە عەرەبی واتە "بەو لاوە هەتیو"، یان "دەستت لادە هەتیو"!
ئاخۆ باڵاترین دامەزراوەی دەوڵەت (پەرلەمان)، بەم زمانە بازاڕییە بەڕێوە دەچێت؟
بابەت ئەرێ كردنی پۆستی (سوپاسالار)ی عیراق بوو. ئەو پۆستە پشكی كورد بوو، كورد لە هەوڵی بەدەست هێنانەوەی بوو.
ژێربەژێر، عەرەبی شیعە و سوننە ڕێككەوتبوون، هاوشانی ئەمینداری بەغدا، هەردوو پۆستەكە لە پەرلەماندا تێپەڕێنن.
بە پێچێكی مەیلەو یاسایی و بە فەرمانی جێگرە شیعەكەی، هەیبەت حەلبووسی بڕیاری دا هەردوو پۆستەكە تێپەڕێنێ، كاتێك فەرهاد ئەترووشی لێی هاتە دەنگ و بەرهەڵست بوو، سەرۆكی پەرلەمان بە جێگرە كوردەكەی گوت "ئیدەك لەك".
میدیای عیراق بەم هەڵوێستەی سەرۆك پەرلەمانەكەیان شاگەشكە بوون، دروودیان بۆ دیداری هەیبەتە ئەفەندی گوتەوە، بۆ ئێمەی كوردیش ئەو پەندە كوردییە هەزاربارە بووەوە "سەری دوو بەران، لە یەك مەنجەڵدا ناكوڵێت".
بەغدا كوردی سەركزی قبووڵە، بە كوردی مەرد و ڕەندیش دەوەڕێ و دەڵێ "ئیدەك لەك".