حکومەتی عێراق نەخشەی ناوچە کوردستانییەکان دەگۆڕێت

حکومەتی عێراق نەخشەی ناوچە کوردستانییەکان دەگۆڕێت

100%

لە هەنگاوێکدا کە بە تەواوکاری سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دادەنرێت، پارێزگاری دیالە بە فەرمانێکی کارگێڕی و بە پشتبەستن بە ڕەزامەندی وەزارەتی پلاندانانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگا، بڕیاری دا ناحیەی جەلەولا (گوڵاڵە) بە فەرمی بکرێتە قەزا. هاوکات لە هەمان بڕیاردا، ناحیەی سەعدیە (قزڵڕەبات) کە بەدرێژایی مێژوو سەر بە قەزای خانەقین بووە، لێی دابڕێنراوە و وەک ناحیەیەکی سەر بە قەزا نوێیەکە (جەلەولا) دیاری کراوە، ئەمەش گۆڕانکارییەکی ڕیشەییە لە نەخشەی کارگێڕی پارێزگاکەدا.


ئەم بڕیارە مەترسییەکی گەورە لەسەر پێگەی قەزای خانەقین دروست دەکات، کە تاکە قەزای زۆرینە کوردە لە پارێزگای دیالە. بە دابڕینی سەعدیە و دروستکردنی قەزای جەلەولا، خانەقین لە ڕووی جوگرافی و کارگێڕییەوە گەمارۆ دەدرێت و پەیوەندییە ئیدارییەکەی بە باشووری خۆیەوە دەپچڕێت.


لەلایەکی دیکەوە، ئەم گۆڕانکارییە ئیدارییە پێشێلکارییەکی زەقە بۆ ماددەی 140ی دەستووری عێراق، کە ڕێگە لە هەر جۆرە دەستکارییەکی سنووری کارگێڕی لە ناوچە جێناکۆکەکان دەگرێت پێش یەکلاییکردنەوەی چارەنووسیان.


لێکەوتەکان تەنها ئیداری نین، بەڵکو کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دۆخی ئەمنی و سیاسی دەبێت. بەقەزاکردنی جەلەولا بیانووی یاسایی دەداتە هێزە فیدراڵییەکان و حەشدی شەعبی بۆ چڕکردنەوەی دەسەڵاتی سەربازی و ئەمنی لەو سنوورە بە ناوی "پاراستنی قەزا نوێیەکە"، کە ئەمەش ڕۆڵی کورد و پێشمەرگە لاوازتر دەکات.


هەروەها لەڕووی هەڵبژاردنەکانەوە، دابەشکردنی بازنەکانی دەنگدان بە شێوەیەک دەگۆڕێت کە دەنگی کورد پەرت ببێت و ژمارەی کورسییەکانیان لە ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمانی عێراق کەم بکات.


ئەم پۆستە هاوبەش بکە