پاسپۆرتی عێراقی كێبڕكێی پاسپۆرتی یهمهن و ئهفغانستان دهكات
ئاماژەپێدەری "هێنلی" (Henley Passport Index) بۆ پاسپۆرتەکان بۆ ساڵی 2026 ئاشکرای کرد کە ئاستی هێزی پاسپۆرتی عێراقی بهردهوامه له دابهزین و لە پلەی 99ی جیهانیدایه و لە نێو خراپترین پاسپۆرتەکاندا لە ڕووی ئازادی گەشتکردنەوە ماوهتهوه، ئهوهش بەپێی داتاکانی یەکێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی (IATA).
بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن کۆمپانیای "هێنلی" بڵاوکراوەتەوە، پاسپۆرتی عێراقی ڕێگە بە هەڵگرانی دەدات تهنها بچنە ژمارەیەکی سنوورداری وڵاتان بەبێ وەرگرتنی ڤیزەی پێشوەختە، ئەمەش عێراق دەخاتە دواوەی پۆلێنکردنی جیهانی لە تەنیشت وڵاتانی وەک سووریا و ئەفغانستان و یەمەن و پاکستان".
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە کە "ئەم ڕیزبەندییە لە کاتێکدایە کە هەندێک وڵات پێشکەوتنێکی بەرچاویان لە پۆلێنکردنەکانیاندا بەدەستهێناوە، لە دیارترینیان نەیجیریا کە سەرکەوت بۆ پلەی 89، لەگەڵ ئەگەری چوونە ژوورەوەی هاوڵاتییەکانی بۆ 44 وڵات بەبێ ڤیزە، سەرەڕای ئەوەش، ئەوانیش لە نێو نزمترین ئاستی جیهانیدا ماونەتەوە".
هەروەها هاتووه: "لە ئاستی بەراوردکردنی نێودەوڵەتیدا، سەنگافوورە پێشەنگی ئەم ئاماژەپێدەرەی گرتووە بە ئەگەری چوونە ژوورەوەی هاوڵاتییەکانی بۆ 192 وڵات بەبێ ڤیزە، پاشان ژاپۆن، پاشان کۆمەڵێک وڵاتی ئەوروپی، لە کاتێکدا وڵاتانی ئەفریقیش وەک سیشیل و مۆریشیۆس و ئەفریقای باشوور پارێزگارییان لە پێگە پێشکەوتووەکان کردووە بە بەراورد بە عێراق".
بەردەوامیی نزمیی پۆلێنی پاسپۆرتی عێراقی ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخهیه کە پەیوەسته بە سەقامگیریی سیاسی و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئازادی گەشتکردنی هاووڵاتییانی عێراقی دەبێت بە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان.